پنجشنبه ۲۷ آذر ۰۴

ئارترایتێس | هەوکردنی جومگەکان

۱ بازديد

ئارترایتێس (Arthritis)، ئارتریت، بە زمانی کوردی جومگەسۆ* (یان بەهەڵە “هەوکردنی جومگە”)  ئاماژەیە بۆ سۆکردن و ئیلتیهابی جومگەکان کە دەتوانێت هەر یەک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو جومگە لەخۆ بگرێت؛ لەوانە پەردەکانی جومگە، ئێسک، کڕکڕاگە یان شانە پشتیوانەکانی جومگە. نیشانە باوەکانی سۆکردنی جومگە بریتییە لە ئازار، ڕەقبوون و ئاوسانی جومگەکان؛ لەوانەیە ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر یەک جومگە، چەند جومگە یان کۆمەڵێک جومگە (پۆلی ئارترایتێس) لە سەرتاسەری جەستەدا هەبێت. ئەم نەخۆشییە دەتوانێت لە یەک جومگەدا بە شێوەی تاو-تاو یان لەنێوان چەن جومگەدا بە نۆرە بگەڕێت (جۆری کۆچەر). هۆکارەکانی جومگەسۆ زۆرن، بەڵام بڕێکیان زۆرتر باون. هەندێک لە جۆرەکانی بەباشی وەڵامی چارەسەرەکان دەدەنەوە و بێ هیچ شوێنەوارێکی درێژخایەن چارەسەر دەبن؛ لە کاتێکدا جۆرەکانی تری کۆنتڕۆڵیان قورسترە و دەتوانن ببێتە هۆی کێشەی گەورەتر.

لە ڕاستیدا وشەی “هەو” لە کوردیدا بە واتای چڵک و کێمی (infection) برین دێت کە لە زمانی عەرەبیدا «عدوى» پێدەڵێن. ئەم وشەیە ئاماژە بە چوونەژوورەوە و گەشەکردنی میکرۆب یان مشەخۆرەکان بۆ ناو برین یان ئەندامێکی زیندوو دەکات کە دەبێتە هۆی نەخۆشکردنی؛ لە حاڵێکدا وشەی “سۆ” بە واتای هەڵگرسان و ئێشە (Inflammation) کە لە عەرەبیدا «التهاب»ی پێدەڵێن و لە ئینگلیزیدا بە پاشگری «itis» دەناسرێتەوە و بریتییە لە کاردانەوەی سروشتیی سیستەمی بەرگریی لەش لە وەڵامی کردارە زیانبەخشەکانی هۆکارگەلی فیزیایی، کیمیایی و زیندەزانی بە مەبەستی لابردنیان و هەوڵ بۆ نۆژەنکردنەوەی زیانەکانیان لە لەشدا. ئەگەرچی هەر هەوکردنێک بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی  «سۆکردن»ی بە دوادا دێت، بەڵام هەر سۆکردنێک بە هۆی هەوکردنەوە بەدی نایەت. بەم بۆنەوە بەکارهێنانی دەستەواژەی «هەوکردنی جومگە» بۆ «ئیلتیهابی مەفسەڵ» هەڵەیەکی باوە و دروستەکەی «سۆکردنی جومگە» یان «جومگەسۆ»یە؛ یەکێک لە جۆرەکانی جومگەسۆ، هەوکردنی جومگەیە.

تا كنون نظري ثبت نشده است
ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در رویا بلاگ ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.